وردەکاریی کوژرانی سێ کەس لە بەرانبەر بینای خانەی دادی کرماشان بە چەکی ئەرتەش

وردەکاریی کوژرانی سێ کەس لە بەرانبەر بینای خانەی دادی کرماشان بە چەکی ئەرتەش

07:15 - 6 February 2021

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: پاش حەوتوویەک لە کوژرانی دوو ژن و پیاوێک لە بەرانبەر بینای خانەی دادی کرماشان، هەنگاو وردەکری زیاتر لەم بارەوە بڵاو دەکاتەوە.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە ١٤ی رێبەندانی ٢٧٢٠( ٢ی فێوریەی ٢٠٢١) کەسێک بە ناوی " ئەشکان کازمی" لە شەقامی بێنتەلهودای بەرانبەر خانەی دادی کرماشان سێ کەسی بە چەک کوشت کە یەکیان پارێزەر و ژنێکیشیان خێزانی خۆی بوو.

هەواڵنێری هەنگاو لە کرماشان لەم بارەوە رایگەیاند ئەو سێ کەسەی کە ئەشکان کازمی کوشتوونی، یەکیان خێزانی خۆی بە ناوی " شیوا زەفەری" خەڵکی شارۆچکەی دینەوەری شاری سەحنە و یەکێکی دیکەیان برای خێزانی بووە. کەسی سێهەمیش پارێزەری خێزانی بە ناوی "پەریوەش نەزەری" خەڵکی کرماشانە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەشکان ئەندامی فەرمیی ئەرتەشە و پلەی ستوانی یەکەمی هەیە و خەڵکی گواوری شاری گیلانی ڕۆژئاوایەکە لە تیپی ٢٨١ی هێزی زرێهی بێستووندا بووە. ناوبراو بە چەکی رێکخراوەیی خۆی لە ئەرتەش ( پارابلۆمی ٩ی میلیمیتری) بە هۆی ناکۆکی لە سەر بڕی مارەیی و گەڕاندنەوەی ناوتێلانە( جهیزیە) ئەو سێ کەسەی کوشتووە.

سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو کە لە کاتی تەقەکردن لەوێدا بووە، لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند: لە کاتی تەقەکردن، برای شیوا زەفەری لەوێدا گیانی لەدەست دا و شیوا و پارێزەرەکەی بریندار بوون. ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن  درەنگ گەیشتە شوێنەکە و ئەو دوو بریندارەش لە رێگای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، گیانیان لە دەست دا.

یەکێک لە پارێزەرەکانی ناوەندی خانەی دادی کرماشان لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە ئەو رووداوە لە بەرانبەر خانەی دادی کرماشان و ١٠٠ بینای قەزای ناوەندیی کرماشان رووی داوە و هێزە ئینتیزامییەکان پاش ٥٠ خولەک گەیشتوونەتە ئەو شوێنە و ئەگەر ئەگەر گەنجێک نەبوایە  بکوژەکە بە ئاسانی هەڵدەهات.