پێنج کەس لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنی شاری بانە دەستبەسەر کران

پێنج کەس لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنی شاری بانە دەستبەسەر کران

11:15 - 27 April 2022

 

هەنگاو: چوارشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٢


لە بەرەبەری ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، پێنج چالاکی کرێکاری و مەدەنی ناسراوی شاری بانە بە ناوەکانی حەسەن عێزەتی، نیشتمان ڕەحمەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی و پەروین عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە بانە ڕایانگەیاندووە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو بەشێوەی هاوکات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو پێنج چالاکە کوردە و بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەریانیان کردووە.

لەو پێنج کەسە نیشتمان ڕەحمەتی ژنی سەعید محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کراوە، بەڵام چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی حەسەن عێزەتی، بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی بانە، پەروین عەبدوڵڵاپوور، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری مافەکانی ژنان) ژنی حەسەن عێزەتی)، عومەر سولەیمانی ۵۸ ساڵە چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو و سەعید محەممەدی ٤١ ساڵە، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسی پێشوو ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای سنە کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم پێنج کەسەدا توندوتیژییان بەکار هێناوە و مۆبایلەکانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەم کەسانە لە بەر دەستدا نییە.