پەیمان دژاوەر بەندکراوی سیاسی کورد بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

پەیمان دژاوەر بەندکراوی سیاسی کورد بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

10:31 - 2 August 2022


هەنگاو: سێشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

پەیام دژاوەر هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان دوای ٨ مانگ دەستبەسەرکران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کراوە و هەواڵی دەستبەسەرکرانی هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەیمان دژاوەر مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لە سنووری مەریوانەوە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردبوو، دەستبەسەر و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرابووەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە پەیمان دژاوەر ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (٥ی جولای ٢٠٢٢) لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گوازراوەتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە پەیمان دژاوەر پێشتر بۆ ماوەیەک ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە لە سنووری مەریوانەوە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

هەواڵی دەستبەسەرکرانی پەیمان دژاوەر هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.