چارەنووسی مەلا ڕەسووڵ حەمزەپوور دوای دوو حەوتوو دەستبەسەر کران ناڕوونە

چارەنووسی مەلا ڕەسووڵ حەمزەپوور دوای دوو حەوتوو دەستبەسەر کران ناڕوونە

22:28 - 17 October 2020

 

هەنگاو: دوای دوو حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ”ڕەسووڵ حەمزەپوور“ و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو مامۆستا ئایینییە دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە و تا ئێستا تەنیا یەکجار لەڕێگای تەلەفوونەوە پەیوەندییەکی کورتی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە.

مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور خەڵکی گوندی ”خراپە“ و بەرنوێژی گوندی ”ئەندێزە“ی بەخشی لاجانی پیرانشارە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگدار، هێزەکانی ئیدارەی ئیئتلاعات لە سێ ڕێیانی پەسوێ ئەو مامۆستا کوردەیان دەستبەسەر کردووە و دواتر ڕژاونەتە ماڵەکەی و ماڵەکەشیان پشکنیوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کران و یان ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.