چوار مامۆستای دەستبەسەر کراوی مەریوانی بە بارمتە ئازاد کران

چوار مامۆستای دەستبەسەر کراوی مەریوانی بە بارمتە ئازاد کران

23:36 - 17 June 2022

 

هەنگاو: هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

چوار مامۆستای دەستبەسەر کراوی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی تەحسین مستەفا، ئارام قادری، ئارام محەممەدی و سەیوان سولەیمانی ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای دوو ڕۆژ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە (مۆڵەتی کار) بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم چوار مامۆستایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی مامۆستایان لە ئێران و بەتایبەتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرابوون.

هەر ئەو ڕۆژە لانی کەم پێنج مامۆستای دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی بەختیار ئەحمەدی، خالید مینبەری، ئیسماعیل ئەمینی، ساڵح حەبیبی و ناسیح مورادی دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەستبەسەر کرابوون. ئەو کەسانە دوای ئەوەی کە بە نووسراوە بەڵێنییان دابوو بەشداری ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ناکەن ئازاد کرابوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لانی کەم ٤٣ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی مەریوان، دیواندەرە، سەقز و سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ١٥ کەسیان ئازاد بوون و ٢٨ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن.