ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو بەبۆنەی یەکی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار

ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو بەبۆنەی یەکی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار

22:01 - 30 April 2020


هەنگاو: یەکی مانگی می، وەکوو ڕۆژی جیهانیی کرێکار دیاریکراوە، بەو بۆنەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەر ساڵە ڕاپۆرتێکی شیکاریی ئاماری لەسەر پێشێلکرانی مافی کرێکاران لە کوردستان، بڵاو دەکاتەوە.


بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، واتە یەکی مانگی مەی ساڵی ٢٠١٩ هەتا یەکی مەی ٢٠٢٠ی زایینی، ٣١٤ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی کرێکاران لە کوردستاندا تۆمار کراوە.


لەم ڕاپۆرتە ئامارییەدا، وێڕای باس کردن لە کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران، گرتنی چالاکانی کریکاری و سەپاندنی حوکمی بەندکران بەسەریاندا، گیانلەدەستدانی کرێکاران و برینداربوونیان لە ئاکامی ڕووداوی کاردا، وەکوو دەرەنجامێک لە پێشێلکاریی مافی کرێکار لە دابینکرانی ئەمنیەتی کاریدا بۆی وەکوو پێشێلکاریی مافی کرێکاران هەژمار کراوە.


گیانلەدەستدانی ٦٦ کرێکار لە کاتی کارکردندا
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، واتە یەکی مانگی مەی ساڵی ٢٠١٩ هەتا یەکی مەی ٢٠٢٠ی زایینی، لانیکەم ٦٦ کرێکاری کورد لە کاتی کارکردندا لە شارەکانی کوردستان تووشی ڕووداوی کار بوونە و گیانیان لەدەستداوە. یەکێکیان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە کە لە ئاماری بەشی مین ئاماژەی پێکراوە.


ئامارە تۆمارکراوەکان هەروەها پیشان دەدەن کە ٢١ کرێکار لە پارێزگای سنە، ٢٩ کرێکار لە پارێزگای ئورمیە، ٨ کرێکار لە ئیلام ٨ کرێکار لە پارێزگای کرماشان لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا گیانیان لەدەستداوە.


هەروەها، ١٠ کرێکار و کۆڵبەر لەکاتی کار کردن بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.


جێگای ئاماژەیە کە، ٨ کەس لەو کرێکارانە لە هەرێمی کوردستانو بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.


کوژران و برینداربوونی ٢١٦ کۆڵبەر
لە یەکی مانگی مەی ساڵی ٢٠١٩ هەتا یەکی مەی ٢٠٢٠ی زایینی، ٦٢ کۆڵبەری کورد کوژراون و ١٥٤ کۆڵبەری دیکە بریندرا کراون.


ئامارەکانی هەنگاو دەری دەخەن کە زیاتر لە ٨٤٪ لەو رووداوانە لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە.


‌چۆنێتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران
تەقەی راستەوخۆ: ١٨٢ کۆڵبەر (٤٩ کوژراونو ١٣٣ بریندار) کە دەکاتە ٨٤٪ کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوە سروشتییەکان: ٢٤ کۆڵبەر (١٠ کوژراو و ١٤ بریندار) کە دەکاتە ١١٪ی کۆی حاڵەتەکان.
تەقینەوەی مین: ٦ کۆڵبەر (١ کوژراو و ٥ بریندار) کە دەکاتە ٣٪ ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی هاتوچۆ: ٤ کۆڵبەر (٢ کوژراو و ٢ بریندار) کە دەکاتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.


دەستبەسەر کران ١٥ چالاکی کرێکاری و سەپاندنی حوکم بە سەر ٧ کەسدا

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٥ چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ٧ چالاکی کرێکاری لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سەرجەم حوکمی ٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.