ڕاپۆرتی حەفتانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان

ڕاپۆرتی حەفتانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان

19:33 - 25 October 2019

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٤٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ٢٦ ڕەزبەر هەتا ڕۆژی هەینی ٣ی خەزەڵوەری  ٢٧١٩، لانیکەم ٤٦ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

 کۆڵبەران (٩ حاڵەت)

لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی پاوە، جوانڕۆ و سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و ٦ کۆڵبەریش لە سنوورەکانی سەوڵاوا، ئورمیە، پیرانشار و پاوە بریندار بوون.

 

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٢٧ حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا  لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە  بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون 

هەروەها، ١٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی و مەزهەبی حوکمی ٢١٤ سال و ٤ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و هاووڵاتییەک حوکمی دووجار لەسێدارەدانی بەسەرردا سەپاوە.

 

خۆکوشتن و کوژرانی ژنان ( ٩ حاڵەت)

لە حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٧ کەس لە شارەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە پێنج کەسیان ژن بووە و ٤ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.

هەروەها دوو ژن لە شارەکانی کرماشان و سەقز بە دەستی خزم و کەس و کاری خۆیان کوژراون.

 

کرێکاری ( ١ حاڵەت)

لەو ماوەیەدا کرێکارێکی خەڵکی شاری ئورمیە لە کاتی کار و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.