ڕاپۆرتی ژمارەی ٢ی هەنگاو لە سەر ناڕەزایەتییەکانی سەقز و سنە

ناڕەزایەتی مەدەنییانەی ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی شارەکانی سەقز و سنە دوای دەستتێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لانی

٢٧ خەرمانان ٢٧٢٢، ١٦:٣٩


هەنگاو: یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢

ناڕەزایەتی مەدەنییانەی ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی شارەکانی سەقز و سنە دوای دەستتێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لانی کەم ٣٨ کەس لەو ناڕەزایەتییانە بریندار بوون و ١٣ کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ٣٣ کەس بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون کە پێنج کەسیان بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستییان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز گوازراونەتەوە.

پارسا سیحەت ٢٣ ساڵە، نێچیروان مەعرووفی ١٨ ساڵە و کیان درەخشان لەگەڵ دوو کەسی دیکە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە سەر و چاویان بە چەکی سازمەیی پێکراوە و ڕەوانەی تەورێز کراون.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ١٤ کەسی دیکە لە بریندارکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی سەقز لە نەخۆشخانەی شیفای ئەو شارە لەژێر چاودێریدان و هێزە ئەمنییەکان وێڕای ئەوەی کە بریندار بوون لێپرسینەوەیان لێیان کردووە. هەروەها هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر پێرسنلی نەخۆشخانەکان کە نابێت هیچ زانیارییەک لە سەر بریندارەکان و ژمارەیان بڵاو بکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی ڕابردووی سنە لانی کەم ٥ هاووڵاتی بریندار بوون کە ٣ کەسیان بە چەکی ساچمەیی بریندار کراون و دوو کەسیان کە یەکێکیان کچێکی ١٤ ساڵە بووە بە باتۆم بە سەختی بریندار بوون و لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە هەنگاو بە هۆکاری ئەمنی ناوی ئەو دوو کەسە بڵاو ناکاتەوە.

لە سەقز لانی کەم ٨ هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی پێنج کەسیان بە ناوەکانی ئارین مەجیدزادە تەمەن ١٧ ساڵ، میدیا ڕەحیمی تەمەن ١٧ ساڵ، ئەهوەن هووشمەند، کامیار حەیدەری و بەهرام دیدار بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

هەنگاو زانیویەتی کە دەیان چالاکی مەدەنی کورد لە شارەکانی سنە و سەقز لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە تەلفۆن هوشدارییان پێدراوە کە بەشداریی ناڕەزایەتییەکان نەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان نەکەن.

حیزبەکانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شارەکانی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوە بچێت.

جێگای ئاماژەیە کە کەشی شارەکانی سنە و سەقز بەتەواوەتی ئەمنی کراوە و ئەمڕۆ ٧٠ کەس لە هێزەکانی سوپای پاسدارن لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد و هەروەها ژمارەیەک لە هێزە تایبەتییەکان لە شاری بانەوە براونەتە سەقز و لە بەندیخانەی ئەو شارە جێگیر کراون.

هەنگاو شەوی ڕابردوو لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ١٣٠ کەس لە هێزە تایبەتییەکانی ئێران لە کرماشانەوە ڕەوانەی شارەکانی سنە و سەقز کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە ژمارەی بریندار و دەستبەسەرکراوان لەم دوو شارە زیاترە و دوای دڵنیابوون لە دروستی زانیارییەکان زانیاری نوێ لەو بارەوە بڵاو دەکەینەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە