ڕاپۆرتی ژمارە ٦ی هەنگاو لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی کوردستان: ١٥ کوژراو و ٧٣٣ بریندار

ڕاپۆرتی ژمارە ٦ی هەنگاو لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی کوردستان: ١٥ کوژراو و ٧٣٣ بریندار

15:57 - 22 September 2022


هەنگاو پێنجشەممە: ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٢


لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، لانی کەم ٨ هاووڵاتیی ناڕازیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٢٨١ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە توندوتیژییەکی زیاترەوە وەڵامی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردیان دایەوە و لانی کەم ٨ هاووڵاتی و لەوانەش دوو مێردمنداڵی ١٥ و ١٦ ساڵەیان لە شارەکانی ئورمیە، شنۆ، شائاباد، و ئەیوان کوژراون.


ناوی ئەو کەسانەی کە شوناسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە بریتییە لە سەعید محەممەدی، موحسین قەیسەری، ئەمین مەعریفەت ١٦ ساڵە، میلان حەقیقی، سەدرەدین لێتانی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور ١٥ ساڵە، مەتین عەبدوڵلاپوور و دانش ڕەهنەما.

پۆلێنبەندیی ١٥ هاووڵاتیی کوژراو بەگوێرەی شارەکان:

ئورمیە: ١- فەرجاد دەروێشی ٢- عەبدوڵڵا محەممەدپوور ٣- مەتین عەبدوڵلاپوور ٤- دانش ڕاهنەما
شنۆ: ١- ئەمین مەعرفەت ١٦ساڵە ٢-میلان حەقیقی ٣- سەدرەدین لێتانی
دیواندەرە: ١- فواد قەدیمی ٢- موحسین محەممەدی
سەقز: ١- فەرەیدوون مەحموودی
کرماشان: ١- مینوو مەجیدی
شائاباد: ١- سەعید محەممەدی
ئیلام: ١- موحسین قەیسەری
دێولان ١- ڕەزا لوتفی
پیرانشار: ١_ زەکەریا خەیاڵ

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان لانی کەم لە ١٢ شاری ئاودانان، ئیلام، کرماشان، سنە، ئورمیە، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، پاوە، شائاباد، ئەیوان و بۆکان، بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی، کیژی ٢٢ ساڵەی سەقزی، لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دەستوەردانی هێزە حکومییەکان، خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژی چوون و لە ئەنجامدا ٨ هاووڵاتیی ناڕازیی کورد کوژران و ٢٨١ کەسیش بریندار بوون.

هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە زانیویەتی هاووڵاتییەکی دیکە لە ئورمیە کوژراوە و تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەم شارەیە و هەواڵەکان باس لە کوژرانی چەند کەسی دیکە لە شائاباد دەکەن و تیمی هەنگاو خەریکی بەدواداچوون بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی هەواڵەکانە.

ئەو شارانەی شەوی ڕابردوو خۆپیشاندانەکانیان بەرەو توندوتیژی چوو

ئورمیە: ٣ کوژراو - ٣٣ بریندار
شنۆ: ٣ کوژراو - ٤٣ بریندار
ئیلام: ١ کوژراو - ٢٧ بریندار
شائاباد - ١ کوژراو - ٤٠ بریندار
پیرانشار: ٢٣ بریندار
بۆکان: ١٧ بریندار
کرماشان: ١١ بریندار
قوروە: ١٥ بریندار
سنە: ٣٩ بریندار
ئەیوان: ١١ بریندار
ئاودانان: ٦ بریندار
سەردەشت: ١٦ بریندار

کۆی گشتی: ٨ کوژراو - ٢٨١ بریندار



ئاماری گشتیی پێنج ڕۆژی ڕابردوو:

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە گشتی ١٥ هاووڵاتیی ناڕازیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ٧٣٣ کەسیش بریندار بوون کە زۆربەی ئەو بریندارانە بە هۆی ترس لە دەستبەسەرکرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، نەچوونەتە بنکە تەندروستییەکان بەڵام فیلم و وێنەی ئەوان لە دەست هەنگاودایە و ژمارەیەک لەم بەڵگەنامانەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە.


پۆلێنبەندیی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییان لە کوردستان بەگوێرەی شارەکان:

دیواندەرە: ٢ کوژراو و ٣٣ بریندار
سەقز: ١ کوژراو و ٧٤ بریندار
بانە: ٤٠ بریندار
مەهاباد: ٢٣ بریندار
بۆکان: ٣٤ بریندار
سنە: ١١٠ بریندار
مەریوان: ٩ بریندار
دێولان: ١ کوژراو و ١٦ بریندار
بیجاڕ: ٩ بریندار
قوروە: ٣٢ بریندار
کامیاران: ١١ بریندار
تیکاب: ٧ بریندار
ماکۆ: ٦ بریندار
ئورمیە: ٤ کوژراو و ٦٠ بریندار
پیرانشار: ١ کوژراو و ٧١ بریندار
کرماشان؛ ١ کوژراو و ٣٧ بریندار
نەغەدە: ١٨ بریندار
شنۆ؛ ٣ کوژراو و ٤٣ بریندار
ئیلام؛ ١ کوژراو و ٢٧ بریندار
شائاباد؛ ١ کوژراو و ٤٠ بریندار
ئەیوان؛ ١١ بریندار
ئاودانان؛ ٦ بریندار
سەردەشت؛ ١٦ بریندار


کۆی گشتی: ١٥ کوژراو - ٧٣٣ بریندار



دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتیی ناڕازیی کورد لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە شوناسی زیاتر لە ١٠٠ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و لە ڕاپۆرتێکی جیاوازدا بڵاو دەکرێتەوە.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ژمارەی بریندار و دەستبەسەرکراو و تەنانەت کوژراوەکانیش لە شارەکانی کوردستان زیاتر لەو ئامارەیە.