
هەنگاو: چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٢
کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی مەریوان بە ناوی ستارە زادهێشت نزیکەی سێ حەفتە پێش ئێستا دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ستارە زادهێشت خەڵکی گوندی "عیسەوڵێ"ی مەریوانە و پێشتر بۆ ماوەی ٧ ساڵ ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و مانگی ڕابردوو دوای جیابوونەوە لەو حیزبە لە ڕێگای سنووری مەریوانەوە خۆی ڕادەستی هێزەکانی سوپای پاسداران کردووە.
ستارە زادهێشت دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە گوازراوەتەوە و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی ڕەوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ژنانی سنە ناسراو بە بەندی ژنان کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە ستارە زادهێشت لە ماوە مانگی ڕابردوودا لە مافی دەستپێڕاگەیەشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
هەواڵی دەستبەسەرکرانی ستارە زادهێشت هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و هەنگاو وێڕای میدیایی کردنەوە داوا لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە گرنگییەوە لە سەر دۆسیەی ناوبراو کار بکەن.