ڕفاندنی زنجیرەیی مێرمنداڵان لە شارەکانی ساین قەڵا، سنە و مەریوان

ڕفاندنی زنجیرەیی مێرمنداڵان لە شارەکانی ساین قەڵا، سنە و مەریوان

11:38 - 8 November 2022


هەنگاو: سێشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

لە درێژەی شەپۆلی ڕفاندنی مێرمنداڵان و منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ، سێ مێرمنداڵ بەناوەکانی میلاد کەریمی خەڵکی ساین قەڵا، ماردین قوربانی خەڵکی مەریوان و ڕامان حەمزە خەڵکی سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) میلاد کەریمی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئاق تەپە" سەر بە ساین قەڵا، لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران ڕفێندراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەر، هێزە حکومەتییەکان لە شاری مەریوان ماردین قوربانی تەمەن ١٧ ساڵیان، ڕفاندووە.

هەروەها، ڕامان حەمزە، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سنە، هەر ئەو ڕۆژە، واتە ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێنداروە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو سێ مێرمنداڵە بە بنەماڵەکانیان نەدراوە.