ژنە پارێزەرێکی کورد لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتووە

ژنە پارێزەرێکی کورد لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتووە

11:02 - 17 June 2020


هەنگاو: ژنە پارەێزەرێکی کورد کە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، مانی لە خواردن گرت.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژی سێشممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پارێزەرە کوردە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری شوێنی ڕاگیرانی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتووە و داوای کردووە کە بیگوازنەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران.

سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.


ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


ئەو چالاکە مەدەنیە بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.


بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.


سوهەیلا حیجاب ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی جۆزەفدانی ٢٧١٩ (٦ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و دوای ٨ مانگ بەندکران ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەممە (١٤ی مارسی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتەی سێ مییلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو پارێزەرە کە ٣٠ ساڵانە، مانگی بەفرانباری دوو ساڵ پێش (١٣٩٧ی هەتاو) دەستبەسەر و دواتر لەلەن دادگای شۆڕشی شیراز حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای تێپەڕاندنی پێنج مانگ بە مەرج لەبەندیخانە ئازاد کرا. ناوبراو ١٠ ڕۆژ دوای ئازاد بوونی بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرایەوە.