کوژرانی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٦ ساڵان لە مەریوان

02:17 - 9 August 2019

 

هەنگاو: کۆڵبەرێكی مێرمنداڵ لە سنوورەکانی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران کوژرا و دوو کۆڵبەر لە سنووری پیرانشار بریندار کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕۆژی پێجشەممە (١٧ی گەلاوێژی٢٧١٩/ ٨ی ئاگۆستی ٢٠١٩) لە سنووری گوندی قامیشەڵەی مەریوان تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە.

لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە کۆڵبەرێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی “ئیسماعیل ساوجی نەژاد” گیانی لەدەست داوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناوی “سەباح رەمزان فەرد” لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنوسی نادیارە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە (١٣ی گەلاوێژ/٤ی ئاگۆست) هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوری پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەران کردوە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “ڕەشید خەندانی” و “خەلیل قادری” بریندار کراون.