کوژران و بریندار بوونی پێنج کۆڵبەری خەڵکی ئورمیە بە دەستی چەکدارەکانی تورکیا

هەنگاو: بە هۆی دەسرێژی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا لانیکەم دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندێکی

٢٩ خەرمانان ٢٧٢١، ٠٨:١١

 

هەنگاو: بە هۆی دەسرێژی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا لانیکەم دوو کۆڵبەری خەڵکی گوندێکی ئورمیە کوژران و سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەرمانان ٢٧٢١ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢١)، لە کوێستانەکانی سنووری پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، هێزە چەکدارەکانی تورکیا کاروانێکی کۆڵبەرانیان کردووەتە ئامانج و لانیکەم دوو کۆڵبەر کوژراون و سێ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.

ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرە کە کوژراون "ئالیشان حەیدەری" تەمەن ١٨ ساڵ و "سۆزدار ئەحمەدی" تەمەن ٢١ ساڵ ڕاگەیەندراوە کە سۆزدار مانگێک پێش ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.

شایانی باسە ئەم کۆڵبەرانە خەڵکی گوندی "کوران"ی سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە بوون و هەتا ئێستا ناسنامەی باقی کۆڵبەرەکان ئاشکرا نەبووە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا لانیکەم پێنج کۆڵبەری دیکەیان دەستبەسەر کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ هەتا ئێستا (٩ مانگ) لانیکەم ٥ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ئورمیە، چالدێران، ماکۆ و کۆتۆڵ لەلایەن هێزەکانی تورکیا کوژراون و ٦ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە