کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی شارەوانیی مەریوان پێی نایە نا وسێهەمین ڕؤژی خۆی

13:13 - 23 January 2019

 

هەنگاو:کرێکارانی شارەوانیی مەریوان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربرین بە نیسبەت نەدانی مووچە و دواکەوتنی مووچەکەیان، بۆ سێیەمین ڕۆژ لە پێش بینای شارەوانیی ئەو شارە مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کرێکارانی شارەوانیی مەریوان، ئەمڕۆ چوارشەممە (٣ی ڕێبەندانی ٢٧١٨/ ٢٣ ژانویە ٢٠١٩) بۆ سێیەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک لە پێش بینای شارەوانی مانیان گرت و سفرەی بەتاڵیان ڕاخست.

یەکێک لە کرێکارانی مانگرتووی شارەوانی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیداند کە”کرێکاران شارەوانیی مەریوان بۆ ماوەی ١٨ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەمساڵ تەنیا بڕی چوار میلیۆن تمەن پارەیان وەرگرتووە کە بە هیچ شێوەیەک بەشی خەرجی ژیانیان ناکات”.

ئەو کرێکارە لە درێژەدا ڕایگەیاند، شارەوانیی مەریوان ماوەی ١١ مانگ موچەی ئیزافەکاری و جەژنانەی ساڵەکانی ٩٥ و ٩٦ی کرێکارانیشی پێ نەداون.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی شارەداری مەریوان لە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لە پێش شارەوانیی مەریوانی دەستی پێ کرد و کرێکاران ڕایانگەیاندووە تاجێبەجێ کردنی داواکاریەکانیان لە مانگرتنە بەردەوام دەبن.