گیان لەدەستدانی خۆپیشاندەرێک لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی دووشەمەی مەریواندا

17:32 - 19 November 2019

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەریوان رۆژی دووشەممە بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە خۆپیشاندانەکاندا گیانی لە دەست دا و ژومارەی گیانبەختکردوانی ئەو شارە گەیشتە ۹ کەس.

بەپێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی دووشەمە ۲۷ی خەزەڵوەر (۱۸ی نۆڤامبر) خەڵکی ناڕازیی مەریوان بۆ سێیەمین رۆژی بەردەوام هاتنە سەرشەقام و لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لانیکەم کەسێک کوژرا.

هەواڵنێری هەنگاو لە مەریوان رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گۆڕەپانی سەرباز تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە و لاوێکی تەمەن ٢١ بە ناوی "ئاریەن ڕەجەبی" گیانی لە دەست داوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا ٩ هاووڵاتیی ناڕازی لە مەریوان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران کوژراون کە ناوی ۷ کەس لەوانە بۆ هەنگاو روون بۆتەوە، کە ناوەکان بەم شێوەیە:

۱ـ عوسمان نادری ۲ـ مێهران تاک ۳ـ شاهۆ وەلیدی ٤ـ بێهرووز مەلەکی ٥ـ ئیدریس بێوار ٦ـ دانیال ئوستواری ۷ـ ئاریەن ڕەجەبی