ئێران ٨ هاووڵاتیی کوردی لەسێدارە دا

10:43 - 16 تیر 1397

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی ٨ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان کە بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر بینای پارلمانی ئێران دەستبەسەر کرابوون، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (١٦ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ٧ی ژوئیەی ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی ٨ هاووڵاتیی کورد لە تاران جێبەجێ کراوە.

لە سێدارە دانی ئەو ٨ کەسە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی موسا غەزەنفەرئابادی، سەرۆکی دادگای شۆڕشی تاران بە ماڵپەڕی حکومەتی تەسنیمی ڕاگەیاندووە کە ” حوکمی سێدارەی ٨ تیرۆریستی داعشی کە لە هێرش بۆ سەر بینای پەرلمان و قەبری خومەینی ڕۆڵیان هەبووە، بە مەبەستی جێبەجێکردن ڕەوانەی دادستانی کراوە.”

 

ناسنامەی ئەو ٨ کەسەکە سەرجەمیان خەڵکی پارێزگای کرماشانن  بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

تۆمەتباری یەکەم:  سڵێمان مزەفەری، تەمەن ٥٥ ساڵ، کوڕی ڕەحمان و خەڵکی ڕوانسەر

تۆمەت: بەغی + قاچاخ و هەڵگرتن و گواستنەوەی چەک و هاتنە ناوەوەی نایاسایی بۆ نێو خاکی ئێران، هەڵگرتن و ڕاگرتنی بەڵگەی ساختە و هەڵگرتن و گواستنەوەی گازی فرمێسک ڕێژ.

 

تۆمەتباری دووهەم: ئیسماعیل سۆفی، تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی مەجید و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو

تۆمەت: هاوکاری لە خراپەکاری و ئاژاوەنانەوە (مفسد فی الارض) ، گواستنەوە و هەڵگرتنی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی .

 

تۆمەتباری سێهەم: رەحمان بێهرووزی، کوڕی کەریم و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو

تۆمەت: هاوکاری  لە خراپەکاری و ئاژاوە نانەوە (مفسد فی الارض) ، ساختەکردنی ناسنامە ، کڕین و گواستنەو ە و هەڵگرتنی چەکی سووک و قورس و هەروەها تەقەمنی.

 

تۆمەتباری چوارەم: سەید ماجێد مورتەزایی کوڕی حوسێن و خەڵکی پاوە

تۆمەت: هاوکاری  لە خراپەکاری و ئاژاوە نانەوە (مفسد فی الارض) کە شیاوی سێدارەیە

 

تۆمەتباری پێنجەم: سیرووس عەزیزی تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی عەبدولخالق و خەڵکی پاوە

تۆمەت: بەغی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووی تیرۆریستی داعش

 

تۆمەتباری شەشەم: ئەیووب ئیسماعیلی تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی حوسێن و خەڵکی سەلاسی باوەجانی

تۆمەت: هاوکاری  لە خراپەکاری و ئاژاوە نانەوە (مفسد فی الارض) کە شیاوی سێدارەیە، کڕین و کواستنەوەی چەک و چۆڵ و تەقمەنی 

 

تۆمەتباری حەوتەم: خوسرەو ڕەمەزانی میرئەحمەدی کوڕێ کاکە ئەحمەد تەمە. ٤٢ ساڵ

تۆمەت: هاوکاری  لە خراپەکاری و ئاژاوە نانەوە (مفسد فی الارض) کە شیاوی سێدارەیە، ئامادە کردن و هەڵگرتنی چەک و چۆڵ، کەڵک وەرگرتن لە بەلگەنامەی ساختە.

 

تۆمەتباری هەشتەم: عوسمان بێهرووزی، برای تۆمەتباری سێهەم و تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو

تۆمەت: هاوکاری  لە خراپەکاری و ئاژاوە نانەوە (مفسد فی الارض) کە شیاوی سێدارەیە، ئامادە کردن و هەڵگرتنی چەک و چۆڵ و نیشتەجێ کردنی تیمی تیرۆر.

 

بینای مەجلیسی ئێران رێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ٩٦ هێرشیکی گوماناویی کرایە سەر و دەستبەجێ داعش ئەو هێرشەی بەئەستۆ گرت. لەو هێرشەدا  ١٧ کەس لە خەڵکی ئاسایی کوژران و ٥٠ کەسی دیکە بریندار بوون.

بەپشت بەستن بە ئاماری  تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، پاش رووداوی گوماناویی هێرش بۆسەر مەجلیسی ئیسلامی، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کران.