ئەرسەلان هیدایەتی خۆی بە بەندیخانەی کرماشان ناساند

ئەرسەلان هیدایەتی خۆی بە بەندیخانەی کرماشان ناساند

11:03 - 20 September 2020

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی شاری قوروە کە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ سێ کەسی دیکە لەپارێزگای کرماشان حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ناساند.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٢ی نیمەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، ئەرسەلان هیدایەتی چالاکی مەدەنی ناسراوی خەڵکی قوروە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٤ مانگەی حکومەکەی، خۆی بە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان ناساند.
 

ئەرسەلان هیدایەتی ڕۆژی شەممە١٦ی پووشپەڕی ٢٧١٨ (٧ی ژوئیەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاحاتی سپا دەسبەسەر و بۆ کرماشان گوازرایەوە و دوای سێ مانگ بەندکران بە بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو شەوی ڕابردوو لە لاپەڕەی ئینیستاگرامی خۆی ڤیدیۆیەکی کوردتی بڵاو کردبوو ەو ڕایگەیاند بوو کە سبەی (یەکشەممە) خۆم بە بەندیخانە دەناسێنم.
 

ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی ”شەهریار تەهماسبی“، ”مستەفا باقری ئاشنا“ و ”ئەردەشیر مووسەوی“  ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شاهرۆخ مورادی“ و بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژی حکوومەت و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و تەکووزی کۆمەڵگا“ هەر کامەیان حوکمی ٩ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان بۆ ٤ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.