بەخاک سپاردنی نهێنیانەی تەرمی حەمید گوڵی، یەکێک لە گیان بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییەی تاران، لە شاری سنە

کاتژمێر ٣: ٣٠ی بەرەبەیانی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ تەرمی حەمید گوڵی، خەڵکی شاری سنە، کە لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ئەو دواییەی شاری تاران بەهۆی لێدانی باتۆم

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٦:٠٥



هەنگاو: دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

کاتژمێر ٣: ٣٠ی بەرەبەیانی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ تەرمی حەمید گوڵی، خەڵکی شاری سنە، کە لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ئەو دواییەی شاری تاران بەهۆی لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە حکومەتیییەکان کوژرابوو، لە شاری سنە بەخاک سپێردرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیار بووە کە نیوەڕۆی دووشەممە، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی حەمید گوڵی تەمەن ٤٦ ساڵ لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی شاری سنە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بەرەبەیانی دووشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی تەرمی ناوبراو بەخاک سپێردراوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە، حەمید گوڵی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییەی شاری تاران، بەهۆی لێدانی توندوتیژیانەی هێزە سەرکوتکارەکان و بەرکەوتنی چەندین باتۆم لەسەری، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و کەوتۆتە کۆما، کە دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تەجریش، گیانی لەدەستدا.

لە بەڵگەی مۆڵەتی ناشتنەکەی حەمید گوڵیدا، هۆکاری مردنەکەی لێدانی ئامێرێکی سەخت لە سەری ڕاگەیەندراوە کە بووەتە هۆی خوێنبەربوونی مێشکی و شکانی کاسەی سەری.

هیچ زانیارییەکی ورد، لە ڕێکەوت و شوێنی گیان لەدەستدان و هەروەها ئەو شوێنەی کە حەمید گوڵی تێیدا کەوتووەتە بەر هێرشی توندوتیژانەی هێزە حکومەتییەکان، لەبەردەستدا نییە. بەڵام لە ناو بەڵگەی مۆڵەتی ناشتنەکەی ئاماژە دراوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر گیانی لە دەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە