سامان ڕەحمانی، هاووڵاتیی کورد لە تاران و لە کاتی نووسینی دروشمدا بە بە لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزە حکومەتیەکانەوە کوژرا

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی سامان ڕەحمانی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە کاتی نووسینی دروشمی دژی حکومەت لە قەڵای حەسەن‌خان (شاری قودس) ی تاران بە لێ

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٢٣:٢٩


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کورد

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی سامان ڕەحمانی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە کاتی نووسینی دروشمی دژی حکومەت لە قەڵای حەسەن‌خان (شاری قودس) ی تاران بە لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەئێواری ڕۆژی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە قەڵای حەسەن‌خان (شاری قودس) ی تاران، هێرشیان کردووەتە سەر چەند لاوێک کە خەریکی نووسینی دروشم دژی حکومەت بوون و لەو هێرشەدا سامان ڕەحمانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری تیکاب دەستبەسەر کراوە و لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە باتۆم و بە شێوەیەکی دڕندانە لە سەری ناوبراویان داوە، دوو هاوڕێی ناوبراو کە لەگەڵیدا بوون توانیوانە لە دەستی هێزەکانی حکومەت هەڵێن.

یەکێک لە هاوڕێیانی سامان لەم بارەیەوە بە هەنگاو ڕایگەیاند؛ لە کاتێک سامان کەفتبووە زەوی خێرا هێزە حکومەتییەکان لەگەڵ خۆیاندا بردیان. ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر ئەو هێزانە پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە بۆ ناسینەوەی کوڕەکەیان سەردانی پزیشکی دادوەریی قەڵای حەسەن‌خان بکەن.

هەنگاو زانیویەتی کە سەرلەئێوارەی ڕۆژی شەممە، ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری تیکاب گوشیاریان خستووەتە سەر هەموو ئەندامانی بنەماڵەی سامان و کەسوکاری بنەماڵەی ڕەحمانی لە ماڵی یەکێک لەو بنەماڵەیە کۆ کردووەتەوە و کادیرێکی ئیتلاعات لە تیکاب هەڕەشەی لێیان کردووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەواڵی کوژرانی سامان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو ببێتەوە، جیا لەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و سزای بەندکردنی درێژماوەی لێیان کردووە.

تەرمی سامان ڕەحمانی، کاتژمێر ۵ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر لە گۆڕستانی گەڕەکی شەریفاوای تیکاب و بە چاودێریی چڕ و پڕی هێزە ئەمنییەکان بە خاک ئەسپێردراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەحمانی لەم بارەیەوە بۆ هەنگاو وتی: "نزیک بە ١٠ کەس لە هێزە حکومەتییەکان لە تاران تاکوو تیکاب لەگەڵ تەرمی سامان ڕەحمانی هاتبوون و پاش ئەوەی کە گەیشتوونە شاری تیکاب، ڕێگەیان نەداوە جەنازەکە بچێتە مزگەوتی گەڕەکی شەریفاوا بۆ شۆردن و بە مەبەستی پێشگیری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارە، بەبێ هاوئاهەنگی جەنازەکەیان بردووتە گۆڕستان و لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەسوکارەکەیدا بە بێدەنگی بەخاکیان ئەسپاردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی: "ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری تیکاب ڕێگەیان بە دوو کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە کۆچی دواییی ئەو شارە نەداوە کە هەواڵی کوژرانی سامان بڵاو بکەنەوە و ئەو ئاگادارییانەش کە لەسەر کوژرانی ناوبراو و لە دیوارەکانی گەڕەکی شەریفاوا بڵاو کرابوونەوە، هێزەکانی ئیتلاعاتەوە هەموویان لێ کردووەتەوە و دڕاندوویانە".

سامان ڕەحمانی، تەمەن ٢٨ ساڵ، دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ دایکی و خوشک و براکانی چووبوونە شاری تاران و لەوێ ژیانیان بەسەر دەبرد، تەنیا باوکی لە شاری تیکاب دەژیا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی شۆڕشی ئەم جارەی خەڵکی ئێران، تا ئێستا لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە ناڕازیەتییەکانی خەڵک لە شارەکانی تاران، کەرەج، هەمەدان و قەزوێن لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە