سەپاندنی سزای ١٢ ساڵ و ٨ بەسەر دوو برای خەڵکی دێولان لەلایەن دادگای ئەو شارەوە

سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، لە چالاکانی مەدەنی شاری دێولان کە برای یەکتریشن و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکدا دەستبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای دادی حکومەتەوە سزای

٧ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٦:٠٠


هەنگاو: دووشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، لە چالاکانی مەدەنی شاری دێولان کە برای یەکتریشن و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکدا دەستبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای دادی حکومەتەوە سزای ١٢ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ دوو برا بە ناوەکانی سیرووس و ئازاد عەباسی، لە لقی دووهەمی دادگای تاوانەکانی شاری دێولان، هەر کامیان بە ۶ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران سزا دراون.
 

بەپێی ئەم سزایە ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندا دژی نیزام" بە ١٠ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە ١٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ بە دژی تەناهی و ئاسایشی نیشتمانی" بە ٤٨ مانگ بەندکران سزا دروان.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتەسزای ٤٨ مانگ بەندکردن بۆ ئەو دوو چالاکە مەدەنییە دەبێت جێبەجێ بکرێت.

هەنگاو زانیویەتی کە سەرەڕای داخوازیی فەرمیی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ دابینکردنی پارێزەر، ئەو دوو برایە لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و هەروەها لە دانیشتنێکی چەند خولەکیدا بە شێوەیەکی ڤیدیۆ کۆنفرانس دادگایی کراون.

سیرووس و ئازاد عەباسی، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری دێولان ڕفێندراون و پاش ٣٢ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکومەت لە شاری سنە گوازتراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشوو، هێزە حکومەتییەکان لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی سیرووس عەباسی، بێڕێزییان بەو دوو برایە کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە