منداڵێکی سەقزی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا

دانیال پابەندی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڕەکی کەریماوا، گیانی لەدەست دا.

٢٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٠٠:٠٩



هەنگاو: چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

دانیال پابەندی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڕەکی کەریماوا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) دانیال پابەندی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە گەڕەکی کەریماوای ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا.

شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە لەم پێوەندییەدا بۆ هەنگاو وتی: "هێزە سەرکوتکەرەکان کە ئۆتۆمبێلی جۆری سەمەند و بەبێ ژمارەیان پێ بوو، لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی کوڵت تەقەیان لە دانیال پابەندی کردووە و گوللە بەر زگی کەوتووە".

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لەم بارەوە بە دەستی هەنگاو گەیشتوو، دیارە کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەو منداڵەیان کوشتووە و چەند بەشێک لە ئەندامانی ناو زگی دەرهاتوون و لەو شوێنە پەرشوبڵاو بوونەتەوە.

چەند کاتژمێر پێش، ئەو منداڵە بە هۆکاری زەربەدیتووی و ئازازپێگەیشتوویییەکی دژوارەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی تەئمین ئیجتماعی (دابینکردنی کۆمەڵایەتی) لە شاری سەقز، بەڵام هێزە حکومەتییەکان بۆ ڕفاندنی تەرمی بێگیانی ئەو منداڵە، ئەو نەخۆشخانەیان گەمارۆ داوە.

هەروەها هاووڵاتییانی شاری سەقز بۆ پێشگرتن لە ڕفاندنی تەرمەکەی دانیال پابەندی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، لە پێش دەرگای ئەو نەخۆشخانەیەدا کۆ ببوونەتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی هەنگاو؛ تاکوو ئێستا ڕێژەی منداڵانی گیانبەختکردوو لە کوردستان و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکدا، گەیشتووەتە ١٢ کەس.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە