مەهاباد؛ چوار هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژران

لە درێژەی تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە خەڵک، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئازاد حوسێن پوور، محەممەد ئەحمەدی گاگەش، مێهران ڕەحمانی

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٢:١٢


هەنگاو: شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

لە درێژەی تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە خەڵک، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئازاد حوسێن پوور، محەممەد ئەحمەدی گاگەش، مێهران ڕەحمانی و کەماڵ ئەحمەدپوور لە مەهاباد کوژران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) محەممەدی ئەحمەدی گاگەش، تەمەن ٤٣ ساڵ، دوای گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئازاد حوسێن پوور بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

بەپێی ئەو گرت ڤیدیۆیەی کە بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، دەردەکەوێت کە لە کاتێکدا محەممەد ئەحمەدی گاگەش لە سەربانی ماڵەکەی ڕاوەستاوە و بەشداریی خۆپیشاندانی نەکردووە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کراوەتە ئامانج و گوللە بەر سەری کەوتووە.

ئازاد حوسێن پوور، شەوی پێنجشەممە ٢٦ خەزەڵوەر، لە بەرخۆدانی خەڵکی مەهاباد، لە پشتەوە کەوتووەتە بەر دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکان و گیانی لەدەست دابوو.

لەلایەنی دیکەوە، کەماڵ ئەحمەدپوور، خەڵکی مەهاباد، شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری، لەدوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان، لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" ئەو شارە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. تەرمی کەماڵ ئەحمەدپوور ئەمڕۆ شەممە، لە نێو ئاپۆرای خەڵکی مەهاباد بە خاک سپێردرا.

هەروەها، مێهران ڕەحمانی، خەڵکی مەهاباد، کە لە بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە، شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر بە سەختی بریندارکرابوو، ڕۆژی هەینی، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی "خومەینی" شاری ئورمیە گیانی لەدەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە