ناوەندە حکومەتییەکان لە بۆکان، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووەوە بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرکوت لە شاری بۆکان، تاوان لە دژی مرۆڤایە

٢ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢٣:٤١


هەنگاو: چوارشەممە ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات لە ١٠ ڕۆژی ڕابردووەوە بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرکوت لە شاری بۆکان، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن بە شێوەیەک کە بەدەیان کەس کوژراون و برینداربوون و ژمارەیەکی زۆری خەڵک یان دەستبەسەرکراون یان ئاوارە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی هەنگاو، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لانی کەم ١٣ هاووڵاتی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە بەرخۆدانی ئەو شارە برینداربوون، کە دۆخی تەندروستی بەشێکیان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.

سوپای پاسداران، شەوی چوارشەممە لە ڕێگای بڵندگۆی مزگەوتەکانی گەڕەکەکانی مەجبورئاوا و میرئاوا ڕایگەیاندووە کە لە کاتژمێر ٩ی شەو هەتا ٩ی بەیانی حکومەت نیزامییەو کەس مافی هاتووچۆ کردن و هاتنە دەرەوەی لە ماڵ نییە.

بنەماڵەی بەشێک لە گیان بەختکردوودان ڕایانگەیاندووە، کە هەر ئێستا تەرمی نزیک بە ١٠ کەس لە ساردخانەی نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان ڕاگیراوە کە ناوەندە حکومەتییەکان ڕێگری لە ناسینەوەی ئەو تەرمانە دەکەن و دوایین حاڵەت، سەعدی شاهرۆخی فەر بوو، کە دوای پێنج ڕۆژ بنەماڵەکەیان لە کوژرانی ناوبراو ئاگادار کردەوە.

بەپێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان، بەسەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارە یان ونبوون یاخود بریندارن، کە بریندارەکان لە ترسی ڕفاندنیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵ و دەرەوەی ناوەندە دەرمانییەکان چارەسەر دەکرێن، کە زۆربەیان پێویستیان بە خوێن و نەشتەرگەرییە.

هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو هاووڵاتیانەی کێ بێسەروشوێن بوون لەبەردەست دانییە و نازانرێت کە دەستبەسەرکراون یاخود گیانیان لەدەست داوە، هەندێک ڕاپۆرتی دیکەی گەیشتوو بە هەنگاو، باس لە ناشتنی تەرمی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکان بەبێ تۆمارکردنی ناو و ناسنامەیان دەکەن، کە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەبووەتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە و بڵاومان کردووەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە حکومەتییەکان لە کاتژمێر ٢ هەتا ٥ی بەرەبەیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان، کە سەرەڕای زیانگەیاندن بە ماڵ، کەلوپەل و پێداویستی ناو ماڵەکان و پارە و زێو و تەنانەت مۆبایلی خەڵکیشیان دزیوە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لەناو پارکینگی ماڵەکانیشدا شکاندووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێی وایە کە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە و نا مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان و بەتایبەتی شاری بۆکان تاوانە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و داوا لە هەموو ڕێکخراو، ناوەند و کەسیاتییەکانی بواری مافی مرۆڤ دەکات، کە لە ڕێگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پێش بە کۆمەڵکوژ کردنی خەڵک بگرن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە