ناڕوونیی چارەنووسی دوو خوشکی خەڵکی شاری سنە کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون

ئازادە پوورسەمەد، منداڵی ١۶ ساڵە و خوشکەکەی بە ناوی ئارەزوو پوورسەمەد و خەڵکی شاری سنە، نزیک بە حەفتەیەکە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون و تاکوو

٦ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٢:١٠


هەنگاو: یەکشەممە، ۶ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

ئازادە پوورسەمەد، منداڵی ١۶ ساڵە و خوشکەکەی بە ناوی ئارەزوو پوورسەمەد و خەڵکی شاری سنە، نزیک بە حەفتەیەکە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون و تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، دوو خوشک بە ناوەکانی ئارەزوو و ئازادە پوورسەمەد، لە دەوروبەری پردی شارۆچکەی "سوپای"ی شاری سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە ڕفاندنی ئارەزوو پوورسەمەد، تەمەن ٢٧ ساڵ و خوشکە بچووکەکەی بە ناوی ئازادە پوورسەمەد، تەمەن ١۶ ساڵ، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و بەدواچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.

شایانی باسە کە ئەو دوو هاووڵاتییە پاش ئەوەی کە ڕفێندراون، بە شێوەی زۆرەملێ و دڕندانە و بە ئۆتۆمۆبیلێکی حکومەتیی جۆری سەمەند بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، بنەماڵەی ڕفێندراوان لەژێر شەپۆلێکی بەرین و بەربڵاوی گوشارەکانی ناوەندە حکومەتییەکاندان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە