هێمن ئەمان، خەڵکی بۆکان لە دوای ڕفاندنی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

هێمن ئەمان، خەڵکی بۆکان کە، کە بە برینداری لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکاندا گیانی لە دەست دا.

٣ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢١:١١


هەنگاو: پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

هێمن ئەمان، خەڵکی بۆکان کە، کە بە برینداری لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکاندا گیانی لە دەست دا.


بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) هێمن ئەمان، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە، لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

هێمن ئەمان. ناسراو بە "هێمنە ڕەش" شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەر، دوای برینداربوونی بە گوللەی ساچمەیی هێزە حکومەتییەکان، هەر لەلایەن ئەو هێزانە ڕفێندرا.


بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستی هەنگاو کەوتووە، تەرمی هێمن ئەمان شەوی ڕابردوو بە بنەماڵەکەی دراوەتەوە و لە ژێر گوشاری ناوەندە حکومەتییەکان بە شێوەیەکی نهێنی و هەر ئەو کاتە ئەسپەردەی خاک کراوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا و لە ڕەوتی بەرخۆدانی خەڵک، لانی کەم ٦ هاووڵاتیی کورد دوای دەستبەسەرکران لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکان گیانیان لەدەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە