ئومێد حەسەنی، خەڵکی سنە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سوپا کوژرا

ئومێد حەسەنی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سنە، لەدوای تێپەڕینی چەند کاتژمێر لەدەستبەسەرکرانی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٠٠:٠٩


هەنگاو: هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

ئومێد حەسەنی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سنە، لەدوای تێپەڕینی چەند کاتژمێر لەدەستبەسەرکرانی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هاووڵاتییەکیی خەڵکی سنە بەناوی ئومێد حەسەنی، تەمەن ٢٢ ساڵ، دوای دەستبەسەرکرانی بەهۆی ئەشکەنجەی زۆر و لەڕادەبەدەری هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە، تەرمی ئومێد حەسەنی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ نەخۆشخانەی تەوحید گوازراوەتەوە، بەڵام لە کاتی گەیشتنی بەو نەخۆشخانەیە هیچ نیشانەیەکی ژیانی نەبووە.

دوای چەند کاتژمێرێک هێزەکانی سوپای پاسداران بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی، تەرمی حەسەنی دەڕفێنن. ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند، کە هێزەکانی سوپای پاسداران ئیزنیان بە کارمەندانی نەخۆشخانە نەداوە کە وێنە لە تەرمی ئومێد حەسەنی بگرن و ئاسەواری لێدان و کوتانی سەخت لەسەر مل و سەری دەبینرا.

هەنگاو زانیویەتی کە، تەرمی ئومێد حەسەنی شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەر و تەنیا بە ئامادەبوونی دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی شاری سنە ئەسپەردەی خاک کراوە.
 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە