پێنج کەس بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ کوژران

لە بەرخۆدان و بەرگری خەڵکی شاری جوانڕۆ لانی کەم ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیسماعیل گوڵ عەنبەر، مەسعوود تەیمووری، تەحسین میری، جەوهەر فەتاحی و جەماڵ

١ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٠٠:٥٠


هەنگاو: دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

لە بەرخۆدان و بەرگری خەڵکی شاری جوانڕۆ لانی کەم ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیسماعیل گوڵ عەنبەر، مەسعوود تەیمووری، تەحسین میری، جەوهەر فەتاحی و جەماڵ ئەعزەمی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی دوو لە کوژراونی بەرخۆدانی ڕۆژی ڕابردووی شاری جوانڕۆ، لە ناو ئاپۆرای هەزار کەسی لە خەڵکی جوانڕۆ و شار و گوندەکانی دەوروبەری، هێزە حکومەتییەکان خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە.

لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران ڕووبە خەڵک، لانی کەم پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیسماعیل گوڵ عەنبەر، مەسعوود تەیموری، تەحسین میری، جەوهەر فەتاحی و جەماڵ ئەعزەمی کوژران.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەرکوتی خەڵک، چەکی کڵاشینکۆف، ژێ ٣ و چەکی نیوە قورسیان بەکارهێناوە.

هەنگاو زانیویەتی کە زیاتر لە ١٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە برینداربوون، کە دۆخی ژمارەیەکیان بە مەترسیدار باسکراوە. ژمارەیەکی تر بریندارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان ڕفێندراون و دۆخی تەندروستیان کەوتووەتە مەترسییەوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزێکی سەدان کەسی سوپای پاسداران ڕێگاکانی چوونە ناو جوانڕۆیان گەمارۆ داوە و ڕێگری لە هەر چەشنە هاتووچۆیەک بۆ ناو شار دەکەن.

هەروەها، ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزەکانی سوپای پاسداران لە سێ ڕێیانی قازانچی هەڵکەوتوو لە نێوان شارەکانی کرماشان و ڕوانسەر ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەو خوێنانەی کە لە بانکی خوێنی کرماشانەوە بەرەو جوانڕۆ لە ڕێگادابووە داوەتە بەر دەستڕێژ و ڕێگریان لە گواستنەوەی خوێن بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ کردووە.

هەنگاو زانیویەتی کە سوپای پاسداران بە دزینی کەلوپەل و پێداویستییەکانی وەرگرتنی خوێن لە نەخۆشخانەی حەزرەت ڕەسووڵ، ڕێیان لە خوێن بەخشینی هاووڵاتییانی جوانڕۆ گرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە