ڕاپۆرتێک لەسەر هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆسەر بنکەکانی حیزبە کوردستانییەکان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان

کاتژمێر ٩ی سەرلە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) بە کاتی باشووری کوردستان، سوپای پاسداران دەستی بە هێرشی مووشەکی و دڕۆ

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٢:٣٥


هەنگاو: دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

کاتژمێر ٩ی سەرلە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) بە کاتی باشووری کوردستان، سوپای پاسداران دەستی بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بارەگا و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوپای پاسداران بە ٥ هاژەکی بالستیکی بارەگا و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە کە، لە مەودای ٢٠٠ کیلۆمەتری قووڵایی ناو خاکی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە، کردە ئامانج.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەبارەی زیانەکانی ئەو مووشەک بارانە ڕایگەیاند، کە کەسێک گیانی لەدەستدا و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون. بەڵام، بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو دوو پێشمەرگە بە ناوی ڕێبوار عەبدی تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و ئاسۆ توانا خەڵکی بۆکان گیانیان لەدەستداوە و لانی کەم ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە دوو کەسیان بەمەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری هەولێر گوازراونەتەوە.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری کۆیە، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا.

هەر لەو ڕاستایەدا، کاتژمێر ٩: ٣٠ی سەر لە بەیانی، بە ٦ دڕۆنی خۆکوژی هێرش کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کە ٤ دڕۆنیان تەقیوەتەوە. بەوتەی ئەندامانی ڕێبەری حیزبی کۆمەڵە، ئەو هێرشانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا خەساری ماڵی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری شنۆ و پیرانشار تۆپبارانی بارەگاکانی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەیان لە چیا سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، لە زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەو هێرشانە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە، بەڵام ژینگەی ئەو ناوچەیە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە