ڕفاندنی تەرمی کوژراوەکان و باجوەرگرتنی ناوەندە سەرکوتکەرەکان لە بنەماڵەی کوژراوەکان

سەعدی شاهڕۆخی‌فەر، خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان کوژرا، لەلایەن ئەو هێزانەوە تەرمەکەی ڕفێندراوە

٢ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١١:٣١


هەنگاو: چوارشەممە، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

سەعدی شاهڕۆخی‌فەر، خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان کوژرا، لەلایەن ئەو هێزانەوە تەرمەکەی ڕفێندراوە و بۆ ڕادەستکردنەوەی بە بنەماڵەکەی، داوای بارمتەی دوو ملیار تمەنی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، سەعدی شاهڕۆخی‌فەر، تەمەن ٣۵ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتێکدا شتومەکی ڕۆژانەی کڕیبوو و بەرەو بۆ ماڵەکەی خۆی دەڕۆیشتەوە، هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان تەقەیان کردووە و کوژراوە، هەروەها پاش کوژرانیشی دەستبەجێ تەرمەکەیان ڕفاندووە.

بە وتەی شایەحاڵانی ڕووداوەکە، هێزە حکومەتییەکان لە چوارڕێیانی "ئیمام جومعە"ی شاری بۆکان تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و دەستبەجێ ئەو هێزانە تەرمەکەیان ڕفاندووە.

ناوەندە حکومەتییەکان دوای پێنج ڕۆژ لە ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان، دەبێت دوو ملیار تمەن بارمتە دابین بکەن بەڵێن بدەن کە بە شێوەیەکی نهێنییش ئەسپەردەکەی بکەن.

تیمی یاساییی هەنگاو بە چاودێری و بەدواداچوونی ڕۆژانی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی کوردستان، پێی وایە کە ئەو کوژران و خەڵک‌کوشتنانە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرنامەداڕێژراو، بەربڵاو و بە مەبەستی تایبەتی تاوانکارانە و بە شێوەیەکی پیلانێکی مەترسیداری دژی نەتەوەی کوردە.

بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە، ئەو پیلان و بەرنامەڕێژییە جینایەتکارانەیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا گرنگترین فاکتەر و هۆکاری کۆمەڵکوژییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە