کرماشان؛ کوژرانی ئەردەڵان قاسمی، لە کاتی نووسینی دروشم بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

ئەردەڵان قاسمی، خەڵکی گیەڵان) گیلانی (، لە کاتی نووسینی دروشمی دژە حکومەتی لە یەکێک لە شەقامەکانی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکو.

٢١ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٢٣:٤٢


هەنگاو: شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

ئەردەڵان قاسمی، خەڵکی گیەڵان (گیلانی ڕۆژئاوا)، لە کاتی نووسینی دروشمی دژە حکومەتی لە جووتسایدی تاقوەسانی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەردەڵان قاسمی، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی گیەڵان، شەوی پێنجشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لەگەڵ کەسێکی دیکە لە کاتی نووسینی دروشم لە یەکێک لە شەقامەکانی کرماشان، کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە حکومەتییەکان، کە لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا ناوبراو گیانی لە دەست دا. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قاسمی کە تەرمی ئەردەڵانی بینیوە رایگەیاند کە ناوبراو دوو گوللە بەر کەمەری کەوتووە که لە جەستەی ڕەد بوون و گولەیەکیش بەر شانی کەوتووە.

کەسی دووەم کە ناسنامەی هەتا ئێستا نەزانراوە و لەگەڵ ئەردەڵان بووە، بە سەختی برینداربووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قاسمی، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی هەینی، ٢٠ خەزەڵوەر، بنەماڵەی قاسمییان بانگکردووەتە شاری کرماشان و ئەوانیان بردووەتە لای هاوڕێکەی ئەردەڵان.

ئەو هاوڕێیەی ئەردەڵان لە کاتێکدا کە هێشتا خوێنبەربوونەکەی نەوەستاوەتەوە لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بەو بنەماڵەیەی وتووە: "ئێمە لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بووین و باری چەکمان پێ بووە، ویستوومانە بەدەستی خۆپیشاندەرانی بگەیەنین، کە هێزە حکومەتییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئێمە کردووە و ئەردەڵان کوژراوە".

برای ئەردەڵان قاسمی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: " ناوەندە ئەمنییەکان، یەکەمجار بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەردەڵان داوای ٤٠٠ ملیۆن تمەن پارەی نەختیان کردووە، بەڵام دواتر وتوویانە ئەگەر بێدەنگ بن و هۆکاری مردنەکەی بە گواستنەوەی چەک بۆ «ئاژاوەگێڕان» ڕابگەیێنن، لەبەرامبەر ٢٠ ملیۆن تمەن دا تەرمەکەی ڕادەستتان دەکەین".

بەوتەی ناوبراو، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، تەرمی ئەردەڵان ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و ناوەندەی ئەمنییەکان بەڵێنی نووسراویان لێوەرگرتوون کە لە ئەگەری میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە، برا گەورەکەی ئەردەڵان بە تۆمەتی "ڕێبەری ئاژاوەگێڕان" دەستبەسەر دەکەن.

تەرمی ئەردەڵان قاسمی ڕۆژی شەممە، لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا لە زێدی لەدایکبوونی و لە گۆڕستانی تاقەیل بە خاک سپێردراوە. ئەردەڵان قاسمی تەمەن ٤٤ ساڵ، لە ئاژانسێکی گواستنەوەی موسافیر کاری کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە