کوشتنی زنجیرەیی لە کوردستان؛ لاوێکی مەریوانی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا

جەبار فەرقیزادە، خەڵکی گوندی "ئاسنەوە" و دانیشتووی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

٥ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٠٠:١٠


هەنگاو: هەینی، ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
جەبار فەرقیزادە، خەڵکی گوندی "ئاسنەوە" و دانیشتووی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١٨ی سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) هێزە حکومەتییەکان دەستڕێژیان لە جەبار فەرقیزادە کردووە و دوو گوللە بەر سەری ناوبراو کەوتووە و کوژراوە.

بە وتەی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە، ئەو هاووڵاتییە لە نزیک گوندی لەدایکبوونی خۆی و لە کاتێکدا کە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لێخوڕیوە، هێزە حکومەتییەکان دەستڕێژیان لێ کردووە و کوشتوویانە.

لە ماوەی دوو مانگەی خۆڕاگری و بەرخۆدانی خەڵکدا، هێزە حکومەتییەکان لە چەندین حاڵەتی هاوشێوەدا ڕاستەوخۆ دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کردووە و خەڵکیان کوشتووە.

بەردەوامیی کوشتنی خەڵک لە کاتێکدایە کە تاکوو ئێستا ڕاپۆرتێکی ورد و باوەڕپێکراو لەسەر بەدواداچوون بۆ بکەران و تاوانکارانی ئەو تاوانانە بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە