کوشتنی چوار هاووڵاتی لە ڕەوتی خۆڕاگری و بەرخۆدانی خەڵکی بۆکاندا

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەکدارە حکومەتییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر ڕاپەڕینی خەڵک لە شاری بۆکان و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چوار

٢٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٠:٤٩


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢۶ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەکدارە حکومەتییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر ڕاپەڕینی خەڵک لە شاری بۆکان و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی سالار موجاور، ئەسعەد ڕەحیمی، محەممەد حوسێنزادە و سامان قادربەیگی گیانیان بەخت کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، سالار موجاور و ئەسعەد ڕەحیمی کە هەردووکیان تەمەنیان ٣٠ ساڵ بووە، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران و لە درێژەی خۆڕاگری و بەرخۆدانی خەڵکی شاری بۆکاندا بە تەقەیە ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی حکومەت گیانیان لەدەست دا.

هەروەها، محەممەد حوسێنزادە و تەمەن ٢٨ ساڵ، لە باغی قازیی شاری بۆکان و لە کاتێکدا ویستبووی کچێکی ڕفێندراو لە چنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت ڕزگار بکات، هێزە دڕندەکانی حکومەت بە چەقۆ هێرشیان کردووەتەوە سەری و چەند چەقۆیەکیان لە سینگ و سەردڵی داوە و بەم هۆکارەشەوە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ هێزە سەرکوتکەرە جێگیرکراوەکانی حکومەت لە شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی شەڕ خەڵکی ڕاپەڕیو دەکەنە ئامانج.

لە لایەکی ترەوە سامان قادربەیگی، لە درێژەی ڕاپەڕینی خەڵکدا سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر لە گەڕەکی میرزایی لە شاری بۆکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمی سامان قادربەیگی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندراوە و بۆ شاری ئورمیە گوازراوەتەوە و بنەماڵەکەشی لەژێر گوشاری هێزەکانی حکومەتدان تاکوو هۆکاری گیان‌لەدەستدانی بە خۆکوشتن لە قەلەم بدەن و بڵاوی بکەنەوە.

سامان قادربەیگی خێزاندار و باوکی ٢ منداڵە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، سامان قادربەیگی و محەممەد حوسێنزادە پێشتریش لە ڕەوتی ڕاپەڕین خەڵکی کوردستان و لە شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندار کرابوون.

هەنگاو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەنووکە چەککردنی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لەلایەن خەڵک و لەو بارودۆخەی ئێستادا بەپێی مافی ژیان و بەرگریی ڕەوا، بەتەواوەتی لۆژیکی و لەجێی خۆیدایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە