کوژرانی سێ هاووڵاتی لە ڕاپەڕینی شارەکانی کامێران و سنە

لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی کامێران و سنە، هێزە سەرکوتکارەکانی حکومەت، ڕووبە خەڵک تەقەیان کرد، کە بەهۆیەوە لانی کەم سێ

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٣:٠١


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی کامێران و سنە، هێزە سەرکوتکارەکانی حکومەت، ڕووبە خەڵک تەقەیان کرد، کە بەهۆیەوە لانی کەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی زانیار ئەڵڵامورادی، عیسا بیگلەری و فواد محەممەدی گیانیان لەدەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە شاری کامێران هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ ڕووبە خەڵک تەقەیان کرد و هاووڵاتییەک بە ناوی فواد محەممەدی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فواد محەممەدی بە سەختی بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سینای شاری کامێران، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو خەڵکی گوندی ماویان و دانیشتووی شاری کامێران بووە و لە پاساژی بازرگانی ئەو شارە دووکانی چاککردنەوەی مۆبایلی هەبووە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە شەوی ڕابردوو، دوای ئامادەبوونی بنەماڵەی محەممەدی لەبەردەم نەخۆشخانەی سینا، هێزەکانی حکومەت بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کردوون و پێنج کەس لەو بنەماڵەیە برینداربوون.

هەر لە هەمان ڕۆژ، زانیار ئەڵڵامورادی، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کوژرا. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو، زانیار ئەڵڵامورادی لە گەڕەکی کانی کوزەڵەی شاری سنە، لە مەودای چەند مەترییەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێکراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەڵڵامورادی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، زیاتر لە سەد ساچمە بەر لەشی زانیار کەوتووە. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید بەهۆی سەختی برینەکەی و خوێنبەربوونی ناوخۆیی گیانی لەدەست دا.

تەرمی ناوبراو لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرا ولە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی تەرمی زانیار بەخاک سپێردرا
.
شیاوی ئاماژە پێدانە، کە زانیار ئەڵڵامورادی ساڵی ڕابردوو بەهۆی تەزویی کارەبا دەستی ڕاستی لەدەستدابوو.

هەر لەو ڕاستایەدا، عیسا بیگلەری، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەکی گوندی "نەسنار" سەر بە سەوڵاوا، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عیسا بیگلەری، لەبەردەم زانکۆی کوردستان لەلایەن هێزە حکومەتییەکان بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە و دووگوللە بەر کەمەری کەوتووە.

دوای ئەوەی کە تەرمی عیسا بیگلەری بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گوازراوەتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دکتۆر محەممەدی، بەرپرسی پاسەوانی و ئەندازیار مەحمودپوور بەرپرسی پاراستنی نەخۆشخانە، تەرمی ناوبراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان ڕفێندرا و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی تەرمی عیسا بەخاک سپێردرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە