کوژرانی لانی کەم ٦ هاووڵاتی لە بەرخۆدانی شارەکانی کوردستان لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا

لە ڕەوتی بەرخۆدان و بەرگری شارەکانی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ٦ هاووڵاتی بە ناوەکانی عیرفان کاکایی، بەهائەدین وەیسی، جەلال قوربانی، کاروان

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٢:٥٥


هەنگاو: دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

لە ڕەوتی بەرخۆدان و بەرگری شارەکانی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ٦ هاووڵاتی بە ناوەکانی عیرفان کاکایی، بەهائەدین وەیسی، جەلال قوربانی، کاروان قادر شوکری، تاهیر عەزیزی و موحسین نیازی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری جوانڕۆیان دا بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا لانی کەم شەش هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی بەهائەدین وەیستی تەمەن ١٦ ساڵ و عیرفان کاکایی تەمەن ٤٥ ساڵ و مامۆستای وەرزش لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی جوانڕۆ کوژران.


بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، کە نەجمەلدین وەیسی برای بەهائەدین وەیسی بە سەختی بریندارە و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت ڕفێندراوە، هەروەها عیرفان کاکایی لە کاتی گەڕانەوەی لە مزگەوت کەوتووەتە بەر تەقەی هێزە حکومەتییەکان و گوللە بەر سەر و سینگی کەوتووە.

هەر لەو ڕاستایەدا لە شاری پیرانشار، هێزە حکومەتییەکان خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی کاروان قادر شوکری تەمەن ١٦ ساڵ و تاهیر عەزیزی تەمەن ٣٠ ساڵ کوژران.
هەروەها، لە کاتی گواستنەوەی تەرمی کاروان قادر شوکری بۆ مزگەوی شیناوێ، هێزە حکومەتییەکان تەقەیان لە خەڵک کرد و کەسێک بەناوی جەلال قوربانی کوژرا.


موحسین نیازی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی دێولان، کە ڕۆژی ڕابردوو لە بەرخۆدان و بەرگری خەڵکی ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بەسەختی بریندارکرابوو، شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەر گیانی لەدەست دا.


هەنگاو سەرەڕای مەحکووم کردنی تاوانە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، هۆشداری توند لەبارەی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر شارەکانی کوردستان دەدات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە