کوژرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی بێوران سەر بە شاری سەردەشت، بەناوی هێمن حەمزە تەمەن ٣٠ ساڵ، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و دوو هاووڵاتی دیکە یەک لەوان خو.

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٩:٤٨


هەنگاو: هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی بێوران سەر بە شاری سەردەشت، بەناوی هێمن حەمزە تەمەن ٣٠ ساڵ، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و دوو هاووڵاتی دیکە یەک لەوان خوشکی هێمن برینداربوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هێزەکانی هەنگی سنووری بەمەبەستی زەوتکردنی کەلوپەلی کاسبکاران هێرشییان کردووەتە سەر گوندی بیواران سەر بە سەردەشت، کە خەڵکی ئەو گوندە لەبەرامبەریان وەستاون و ئەو هێزانە دەستڕێژیان لە خەڵک کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللەی ئەو هێزانە، کاسبکارێک بەناوی هێمن حەمزە، کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، گوللە بەر سینگی کەوتووە و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندی دەرمانی شاری سەردەشت بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

کوژرانی هێمن حەمزە، تووڕەبوونی خەڵکی ئەو گوندەی لێکەوتووە، بە شێوەیەک کە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی هێزی هەنگی سنووریان تێک شکاند و ڕێگای سەردەشتیان داخست.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی هێمن حەمزە لەبەردەم فەرمانداری کۆبوونەوە، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بڵاوەیان پێکرا و دوو هاووڵاتیی برینداربوون.

ئامینە حەمزە خوشکی هێمن یەکێک لەو بریندارانەیە، کە لە ئێستادا بەمەبەستی چارەسەرکردن گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە.

بە پشتبەستن بەو دیمەنانەی کە بۆ هەنگاو نێردراون، خەڵکێکی زۆر لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی هێمن حەمزە بەشدارییان کردووە و دروشمی "شەهید نامرێ"یان وتووەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، کەشی شاری سەردەشت بەتەواوەتی ئەمنییەتی کراوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک لە زۆربەی شوێنە گشتییەکانی شاردا بڵاوەیان پێکراو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە