کوژرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان

هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز، هاووڵاتییەکیان بە ناوی عەبدولڕەحمان بەختیاری تەمەن ٦٦ ساڵ لە نزیک ماڵەکەی خۆی کوشت.

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٤:٤٩


هەنگاو: هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز، هاووڵاتییەکیان بە ناوی عەبدولڕەحمان بەختیاری تەمەن ٦٦ ساڵ لە نزیک ماڵەکەی خۆی کوشت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، عەبدولڕەحمان بەختیاری، تەمەن ٦٦ ساڵ لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان و کوژرا.

ئەو هاووڵاتییە کە خانەنشینی بەشی خزمەتی پەروەردە و ڕاهێنانی شاری سەقز (کارگوزاری قوتابخانەی ڕازی) بووە، لە شەقامی سەعدی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکومەتییەکان کوژراوە. هەنگاو زانیویەتی کە ناوبراو بۆ ڕێوڕەسمی مارەبڕینی یەکێک لە نزیکانی چووە و لە کاتی گەڕانەوەی کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتوون، هێزە حکومەتییەکان لەدوای گواستنەوەی تەرمی عەبدولرەعمان بەختیاری بۆ مزگەوتی "سەلاحەدینی ئەیوبی"، پەیکەری ناوبراویان ڕفاندووە و شەوانە ناشتوویانە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە