ئەندازیار پەرهام پەروەری، لە دادسەرای ئەمنییەتی ئێڤین، تۆمەتی موحاریبەی پێڕاگەیەندرا

ئەندازیار پەرهام پەروەری، خەڵکی شاری سەقز، کە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی تاران بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆم

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٥:٠٤



هەنگاو: یەکشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

ئەندازیار پەرهام پەروەری، خەڵکی شاری سەقز، کە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی تاران بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە موحاریبە واتە جەنگ لەگەڵ خودا تۆمەتبارکرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەرهام پەروەری، تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی موزەفەر، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە دادسەری بەندیخانەی ئێڤین، لە دۆسیەکەیدا تۆمەتی موحاریبەی پێڕاگەیەندراوە.

بەوتەی موزەفەر پەروەری، کوڕەکەی ڕۆژی دووشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە کاتێکدا لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ لە شوێنی کارەکەیەوە بووە کەوتووەتە ناو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و هێزە حکومەتییەکان دوای ئەوەی داویانەتە بەر لێدان و کوتان و ئەشکەنجەیەکی زۆر، دەستبەسەریان کردووە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە پەرهام پەروەری هەتا ئێستا لە هەموو ئەو مافانەی کە کەسێکی دەستبەسەکراو بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیەتی، لەوانە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵە، بێبەش بووە و تەنیا یەک جار ناوبراو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە، کە تۆمەتە سەپێنراوەکەی بەسەریدا، پێ ڕاگەیاندوون. ناوبراو لە ئێستا لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیراوە.

پەرهام پەروەری سەرەڕای پیشەی ئەندازیاری لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی شاری تاران، مامۆستای وەرزشی مەلەوانییە و لەو بوارەدا لە چەندین پاڵەوانێتی ئاست جیاوازدا توانیویەتی میدالیا بەدەست بهێنێت.
تاوانی موحاریبە، لە ڕیزی قورسترین سزاکانی ناو یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و لە زۆربەی دۆسیەکاندا، کەسی تۆمەتبار بە موحاریبە، سزای نامرۆڤانەی وەک، ئیعدام و مردن بەسەردا دەسەپێت.

هەنگاو سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە دۆخی پەرهام پەروەری، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ناوبراو لە سەرەتای دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەیەوە، لە هەموو مافە سەرەتایییەکانی کەسێکی تۆمەتبار و بەڕێوەچوونی دادگاییەکی دادپەروەرانە بێ بەریبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە