بورهان ئەلیاسی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان کوژرا

لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ٧کەس لە گیابەختکردوانی بەرخۆدانی جوانڕۆ، هێزە حکومەتییەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بورهان ئەلیاسی لە ئەنجامی تەقەی ڕ

١٠ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٤:٢٣


هەنگاو؛ شەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ٧کەس لە گیابەختکردوانی بەرخۆدانی جوانڕۆ، هێزە حکومەتییەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بورهان ئەلیاسی لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) بورهان ئەلیاسی، دووکاندار و تەمەن ٢٢ ساڵ، دوای پێکرانی شانی بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان، بۆ نەخۆشخانە گواستراوە کە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

هەنگاو زانیویەتی کە لە کاتی دەستڕێژی هێزە حکومەتییەکان لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە، سەرەڕای گیان لەدەستدانی بورهان ئەلیاسی، ٨ هاووڵاتی دیکەش بەسەختی بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، لەنێو بریندارەکاندا منداڵێکیش هەیە و باری تەندروستی دوو کەس لەوان مەترسیدار ڕاگەیندراوە.

هێزە حکومەتییەکان سەرەڕای داخستنی ڕێگاکانی چوون بۆ گۆڕستان، لە ڕێگاکانی دەرەوە و نێو شاردا تەقەیان لە خەڵک کردووە. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە هەنگاو پێشتر بڵاوی کردووەتەوە ئەم هێزانە گازی فرمێسکڕێژیان ڕوو بە خەڵک بەکار هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە