بەردەوامیی دەستبەسەربوونی ئامێنە دەرویژە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار

ئامێنە دەرویرە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار کە نزیک بە سێ حەفتە پێش ئێستە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، تا هەنووکە لە گرتنگەی ناوەندە حکو

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢٣:٤١


هەنگاو: شەممە، ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

ئامێنە دەرویژە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار کە نزیک بە سێ حەفتە پێش ئێستە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، تا هەنووکە لە گرتنگەی ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئورمیە ڕاگیراوە. ناوبراو لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی خەڵکی شاری پیرانشار دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە کۆتاییی مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، ئامێنە دەرویژە، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە کاتێکدا لە شەقامێکی ئەو شارە و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ڕاپەڕیو بە دوای منداڵەکەیدا دەگەڕا، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بە نیگەرانییەوە بە دوای منداڵەکەیدا دەگەڕا، بەهۆی ماندووبوون و ژان و ئازاری زۆری "پێ"یەوە لە گۆشەیەکدا دانیشتبوو کە هێزە حکومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەری ناوبراو و دەستبەسەریان کردووە.

ئامێنە دەرویژە کە دایکی دوو منداڵە، نزیک بە ٢١ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری ئورمیە ڕاگیراوە.

تا هەنووکە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ناڕوونە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەشی هیچ ئاکامێکی نەبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە