بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای نازەنین زەهرا سەروی و لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی "ئەمنیەتی" سەپێندراو بەسەریدا

لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە، دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی نازەنین زەهرا سەروی، خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای ئەندازیاری زانکۆی کوردستان لە لەدەستبەدەرکراو

٢ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٥:٥٤


هەنگاو: هەینی ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە، دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی نازەنین زەهرا سەروی، خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای ئەندازیاری زانکۆی کوردستان لە لەدەستبەدەرکراوانی ئەم دواییە کە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی گشتی" سەپێندراوە بەسەریدا، بەڕێوە برد.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، بەبێ بوونی مافی بەرگری لەخۆی لە دژی تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی گشتی" سەپێندراو بەسەریدا، بۆ دانیشتنی لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بردراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی هەنگاو گەیشتووە، ئەم تۆمەتانە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێی بەندکراوێکی دیکە لەدژی نازەنین زەهرا سەروی لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە.

هەروەها لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، بڕی نرخی بارمتە بۆ ئازادی کاتی ناوبراو لەلایەن لێکۆڵەری دۆسییەکەی و دادوەری دادگا دوو جار بە ڕێژەی ٥٠٠ میلیۆن و دواتر بە ڕێژەی ٣ میلیارد تمەن زۆر کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری سنە، باسیان لە خراپی دۆخی تەندروستی و نەخۆشی دایکی نازەنین زەهرا سەروی، لە ماوەی دەستبەسەربوونی ناوبراودا کردووە.

بەوتەی ئەم سەرچاوانە، نەخۆشی شەکرەی خوێنی دایکی نازەنین زەهرا سەروی، بەهۆی پێشگیری لە ناوبراو لە بەکارهێنانی دەرمان بەرزبووەتەوە و لە ئێستادا دایکی ئەم خوێندکارە پێویستی بە نەشتەرگەری بۆ هەردوو چاوی هەیە.

نازەنین زەهرا سەروی ڕۆژی هەینی ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا.

خستنە بەرباسی ئەم تۆمەتە قورسانە لە دژی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە سەپاندنی سزا لەسەر بنەمای هەر جۆرە زانیارییەک لە دەرەوەی دادگا وەک دانپێدانانی زۆرەملێ و گوشار یاسایی نییە و وەک بەڵگە هەژمار ناکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە