دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی شاری سنە، پڵۆمپ کردنی دووکان و داخستنی هەژمارە بانکییەکانیان

ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی بەشداری لە مانگرتنە سەرانسەرییەکان گوشارێکی لە ڕادەبەردیان خستووەتە سەر دووکاندار و کاسبکارانی

٢١ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٢:٢٥


هەنگاو: دووشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی بەشداری لە مانگرتنە سەرانسەرییەکان گوشارێکی لە ڕادەبەردیان خستووەتە سەر دووکاندار و کاسبکارانی شاری سنە و کۆمەڵێک لە کاسبکارانی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە کە ناسنامە ۵ کەسیان بە ناوەکانی ئەمجەد حوسێن پەناهی، مەنسوور محەممەدزادە، ئەردەشیر مورادی، حوسێن کاکەخانی و وریا پەڕکان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، ئەمجەد حوسێن پەناهی، خاوەن و بەڕێوەبەری مارکێتی "زانا" کە لە شەقامی فێردەوسی هەڵکەوتووە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.

مارکێتی ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە هۆکاری بەشداریکردن لە مانگرتنە سەرانسەرییەکانی ئەم دوایییانەدا، لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پڵۆمپ کراوە و هەژماری بانکیی ناوبراویش داخراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوسێن کاکەخانی، تەمەن ۵٠ ساڵ و وەستای چاککردنەوە ئۆتۆمبێل و وریا پەڕکان، تەمەن ٣۵ ساڵ و تراشکار، لە پێش دووکانەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکان لە شاری سنە، ڕفێندراون.

هەروەها ڕۆژی هەینی، ١٨ی سەرماوەز (٩ی دیسەمبەر)، مەنسوور محەممەدزادە، کاسبکارێکی شاری سنە و دانیشتووی شارۆچکەی زاگرۆسی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.

ناوبراو خاوەنی شیرینی‌فرۆشیی "عەسەل"ە کە لە شەقامی فێردەوسیی شاری سنە هەڵکەوتووە. دووکانی ئەو هاووڵاتییە بە هۆکاری بەشداریی مانگرتنە سەرانسەرییەکانی مانگی سەرماوەز، لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە پڵۆمپ کراوە و هەژماری بانکیی ناوبراویش داخراوە.

هەر لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەز (٨ی دیسەمبەر)، دووکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمۆبیلی هاووڵاتییەک بە ناوی ئەردەشێر مورادی، لە گۆڕەپانی نەبوەت"ی شاری سنە، بە هۆکاری بەشداریی مانگرتنە سەراسەرییەکان پڵۆمپ کراوە و ناوبراویش لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە