زیبا ئومیدی فەر، هەواڵنێری دەستبەسەرکراو، بەهۆی ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکانەوە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە

زیبا ئومیدی فەر، هەواڵنێری دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری قوروە، بەهۆی ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکان و گوشارە جەستەیی و دەروونییەکانی سەر ناوبراو لە گرتنگە ئیتلا

١ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢٠:١٢


هەنگاو: پێنجشەممە، ١ی بەفرانباری ٢٧٢٢

زیبا ئومیدی فەر، هەواڵنێری دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری قوروە، بەهۆی ئەشکەنجەی ناوەندە حکومەتییەکان و گوشارە جەستەیی و دەروونییەکانی سەر ناوبراو لە گرتنگە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ زیبا ئومیدی فەر، ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێری دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری قوروە، بەهۆی گوشار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکومەتییە لە شاری سنە، بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو تێک چووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە ئێستا لە بەشی سایکۆسۆماتیکی نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە، لەژێر چاودێریی تایبەتی پزیشکیدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاو ڕایگەیاند: "زیبا ئومیدی فەر، بەهۆی دابەزینی تەوژمی خوێن و دابەزینی ئاستی هۆشیاربوونی، لەژێر چاودێریی پزیکی و کۆنترۆڵی درەمانیی درێژماوە دەبێت".

ڕۆژی پێنجەشممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، زیبا ئومیدی فەر، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی ناوخۆییی کوردستان، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە گواسترابوویەوە.

ئەو هەواڵنێرەی خەڵکی شاری قوروە، لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢١دا لە بەشی گەشەی ئابووریی فێستیڤاڵی "پێنووس" پلە دووەمی بەدەست هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە