سزای بەندکردن بەسەر چوار هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد سەپا

دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد سزای ١٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەر چوار کەس بە ناوەکانی سەید محەممەد شوکری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە، عەلی حەکیم

٩ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١١:٤٩


هەنگاو: هەینی، ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢

دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد سزای ١٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەر چوار کەس بە ناوەکانی سەید محەممەد شوکری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە، عەلی حەکیمی و سامان غەزالی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، لە داینشتنێکی چەند خولەکیدا سزای ٤ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی بە سەر هەر یەک لە سەید محەممەد شوکری ئەمیر عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەپاند.

هەروەها ئەو دادگایە سزای ٣ ساڵ و چوار مانگ بەندکردنی بەسەر عەلی حەکیمی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە هەنووکەش لە بەندیخانەدایە، سەپاند.

لەو پەیوەندییەدا، سامان غەزالی، ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن ئەو دادگایەوە ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاند و هەروەها بۆ ماوەی ساڵێکە کاری ڕۆژنامەنووسی بێبەش کراوە.

سەید محەممەد شوکری، ئەمیر عەبدوڵڵازادە و عەلی حەکیمی، لە ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ و لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی شاری مەهاباد و لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کراون.

بڕیاری ئەو دادگایە لەسەر سزای سێ هاووڵاتییە، هەروەها بڕیاری سزای دەستبەسەرکراوانی دیکەی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی شۆڕشی ژینا لە کاتێکدایە کە لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە