سوهەیلا موتاعی خەڵکی دێولان سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

سوهەیلا موتاعی، خەڵکی شاری دێولان کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری دێولان و بە چەندین تۆمەت

١٣ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢٢:٥٥


هەنگاو: یەکشەممە، ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

سوهەیلا موتاعی، خەڵکی شاری دێولان کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری دێولان و بە چەندین تۆمەتی ئەمنی، بەگشتی سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سوهەیلا موتاعی، بە شێوەیەکی ڤیدیۆکونفرانس و لە دادگایەکی فۆرماڵیتە و چەند خولەکیدا چەندین تۆمەتی بەسەردا سەپاوە کە هەر کام لەو تۆمەتانە سزای تایبەتیان بۆ دیاری کراوە و تۆمەت و سزاکانیان بریتین لە؛ تێکدانی ئاسایشی گشتی، ١٨ مانگ بەندکردن، چالاکی بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ١۵ مانگ بەندکردن، شێواندان و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، ١٣ مانگ بەندکردن، هەوڵدان بە دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ۵ مانگ بەندکردن و چالاکی بۆ حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، ٩ بەندکران.

بەپێی بڕیارێک کە لەلایەن دادگای شۆڕشی حکومەت لە شاری دێولان دەرچووە و بە پشتبەستن بە یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ١٨ مانگ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتوون، تانەت کۆپییەک لە بڕیارنامەکەی دادگا لەسەر سوهەیلا موتاعی بە بنەماڵەکەی و ئەو کەسانەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ناوبراو دەکەن، نەدراوەتەوە و تەنیا بە شێوەی زارەکی دەقی ئەو بڕیارنامەیە بە بنەماڵەی موتاعی ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بۆ دووهەمین جار لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، ئێستاش لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکومەتییەکاندایە.

سوهەیلا موتاعتی پێشتریش لە ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەری ئەمساڵدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و ٢۵ی هەر ئەو مانگە بە بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.
جێگای باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی هەر دوو جار کە دەستبەسەر کراوە لە مافە سەرەتایییەکانی وەکوو هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە