شادمان ئەحمەدی خەڵکی دێولان، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

لاوێکی خەڵکی دێولان، بەناوی شادمان ئەحمەدی، چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لەژێر ئەشکەن.

١٨ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٠٠:٠٢


هەنگاو: پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لاوێکی خەڵکی دێولان، بەناوی شادمان ئەحمەدی، چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شادمان ئەحمەدی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی دێولان، شەوی پێنجشەممە، ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)،لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کوژرا. بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، شادمان دوای ڕفاندنی بۆ کەڵانتەری دێولان گواسترابووەوە کە هەر لەوێ لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.

شادمان ئەحمەدی، نیوەڕۆی پێنجشەممە، لە ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕفێندراو دوای چەند کاتژمێر لە ژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانەدا کوژرا. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدی لەم بارە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە دوو ئۆتۆمبێلی سپی جۆری سەمەند و ئۆتۆمبێلێکی پژۆ ٤٠٥ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو".

هەنگاو زانیویەتی کە هێزە حکومەتییەکان دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی شادمان بە بنەماڵەکەی، گوشاری خستووەتە سەریان کە تەرمی ناوبراو لە شەودا و بەبێ بەشداری خەڵک بنێژن.

هەر ئێستا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دێولان لەبەردەم ماڵی شادمان ئەحمەدی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ناشتنی تەرمی ناوبراو بە نهێنی و لە شەودا کۆبوونەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٨ هاووڵاتی کورد لە دوای ڕفاندنیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە