محەممەد مەهدی کەرەمی خەڵکی بیجاڕ سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

محەممەد مەهدی کەرەمی، خەڵکی بیجاڕ، کە لە کاتی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە کوژراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی کەرەج دەستبەسەرکرابوو، سزای سێدارەی بەسەرد

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٦:٣٦

 

هەنگاو: سێشەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

محەممەد مەهدی کەرەمی، خەڵکی بیجاڕ، کە لە کاتی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەکێک لە کوژراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی کەرەج دەستبەسەرکرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی زۆرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەدی مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبۆرز بە سەرۆکایەتیی دادوەر موسا ئاسف ئەلحەسنی بە تۆمەتی "فساد فی الارض لە ڕێگای تاوان لەدژی ئاسایشی ناوخۆیی" بە موحاربە (شەڕ لەگەڵ خودا) مەحکوم و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەز بەشێوەیەکی فەرمی لە بەندیخانە سزاکەی پێ ڕاگەیێندراوە.

دانیشتنی بەدواداچوون بۆ تۆمەتەکانی محەممەدی مەهدی کەرەمی و ١٤ هاووڵاتی دیکە لەژێر ناونیشانی  دۆسییەی کوژرانی بەسیجییەک بەناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەز (٣٠ نۆڤامبر) بەڕێوەچووە کە لەو دانیشتنەدا ئەو لاوە کوردە وەک تۆمەتباری سەرەکی ئەو دۆسییەیە ناسێندراوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە محەمەد مەهدی کەرەمی، ڕۆژ شەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و دوو ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لەلایەن هێزە حکومەتییەکان ڕفێندرابوو.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: محەممەد مەهدی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی ڕۆحی و فیزیکی و ناوەندە حکومەتییەکاندا بووە و چەندین جار بەدەست لێدان لە لە سمت و جەستەی هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لێکراوە. ناوبراو لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە مافی هەبوونی پارێزەر لەماوەی دەستبەسەرکرانی و تەنانەت لە ڕۆژی دانیشتنی دادگاشدا بێ بەریبووە.

محەممەد مەهدی کەرەمی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی گوندی کوتانی خواروو سەر بە شاری بیجاڕ و دانیشتوونی نەزرئاباد لە شاری کەرەجە. ناوبراو لە وەرزشی کاراتە دا چەندین میدالیای لە ئاستی پارێزگا و ئێراندا بەدەست هێناوە


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە