ناڕوونیی چارەنووسی ژنێکی هونەرمەندی سنەیی و دەستپێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی

وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئیلهام مودەڕیسی، نیگارکێشی خەڵکی شاری سنە لە فەردیسی شاری کەرەج، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوو

٢٤ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٢:٤٧


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ئیلهام مودەڕیسی، نیگارکێشی خەڵکی شاری سنە لە فەردیسی شاری کەرەج، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و سەرەڕای ئەوەی کە ناوبرا تۆمەتی قورسی لێدراوە، لە مافی هەبوونی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ئیلهام مودەڕیسی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری کەرەج، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شەقامی فەردیسی کەرەج، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی کەچوویی لەو شارە گواستراوەتەوە.

ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی خۆی بێبەری کراوە، هەروەها تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە لە مترسیدایە.

ئیلهام مودەڕیسی لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە "تێکدان و خراوکاریی دامەزراوەکان"، "کێشە دروستکردن بۆ ڕای گشتی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی گشتی"، "هاندانی خەڵک بۆ کوشتن" و "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" تۆمەتبار کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، داخوازیی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بەڵگەی دەرچووی دادڕەسی، لەلاین ناوەندی حکومەتییەکانەوە ڕەت کراوەتەوە.

ئیلهام مودەڕیسی، وەکوو سەرپەرەستی بنەماڵە کە بریتین لە برایەکی ناوبراو و دایکی بەساڵاچووی کە نەخۆشە، لە ئەستۆیەتی و لە ئێستادا پێویستی بە چاودێریی پزیشک هەیە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە