ناڕوونیی چارەنووسی ئیسماعیل خزری، ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار لە بەندیخانەی نەغەدە

پاش تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی ئیسماعیل خزری، چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە بەندیخانەی حکومەت لە شاری نەغەدە ڕاگیراوە،

١ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٠:٤١


هەنگاو: پێنجشەممە، ١ی بەفرانباری ٢٧٢٢

پاش تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی ئیسماعیل خزری، چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە بەندیخانەی حکومەت لە شاری نەغەدە ڕاگیراوە، تاکوو ئێستا دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئیسماعیل خزری، چالاکی مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری بواری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پەیام نووری مەهاباد، پاش ئەوەی کە دەستبەسەر کراوە تاکوو ئەم ماوەیە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکومەت لە ئورمیە بووە و لەم دوایییانەشدا بۆ بەندیخانەی حکومەت لە شاری نەغەدە گواستراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە پێش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بڕفێندرێت، جیا لە چالاکییە فەرهەنگییەکانی و وێڕای ئەوەش کە خوێندکاری بواری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پەیام نوور بوو و هاوکات کاری ڕۆژنامەنووسیشی دەکرد، لە زانکۆی "ئازاد"ی پیرانشار سەرقاڵی خوێندنی بواری ژمێریاری بووە.

هەنگاو ئاگادار کراوتەوە کە ئیسماعیل خزری لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.

ئیسماعیل خزری، خەڵکی گوندی "سەراوکانی" سەر بە شاری پیرانشار، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراوە.

شایانی باسە کە هەوڵەکانی ناوەندە حکومەتییەکان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا و لەڕاستای دۆسیەسازی، گوشارە دەروونی و جەستەیییەکان لەسەر بەندکراوان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ کە زۆر جار بووەتە هۆکاری کوشتنی کۆمەڵێک لەو بەندکراوانە، بووەتە هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر چارەنووسی هاووڵاتییانی دیکەی دەستبەسەرکراوی کوردستان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە