هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ڕێپێوانی هێمنانەی خەڵکی کرماشان و برینداربوونی ١٧ هاووڵاتی و ڕفاندنی لانی کەم ٣ کەس

لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی هێمنانە و بە بێدەنگیی خەڵکی شاری کرماشان، هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ڕێپێوانی ئەو ها

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٩:٠١


هەنگاو: شەممە، ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی هێمنانە و بە بێدەنگیی خەڵکی شاری کرماشان، هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردووەتە سەر ڕێپێوانی ئەو هاووڵاتییانە و ١٧ کەسیان بریندار کردووە و کۆمەڵێک کەسیشیان ڕفاندووە کە ناسنامەی ٣ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، لە ڕەوتی ڕێپێوانی هێمنانە و بە بێدەنگیی خەڵکی شاری کرماشان کە لە جووتسایدی تاقوەسان بەڕێوە چوو، هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ڕێپێوانە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ٣ کەسیان بە ناوەکانی فاتمە حەیدەریان، ڕۆژین کەریمی و دانیال بلوریایان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە فاتمە حەیدەریان، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری بواری ئەندازیارییە و هەروەها ڕۆژین کەریمی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری بواری وەرزش و ڕاهێنانی جەستەیە کە ئەو هاووڵاتییانە هەردووکیان خەڵکی شاری کرماشانن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتوون، ١٧ هاووڵاتیی شاریی خەڵکی کرماشان لەو ڕێپێوانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان بریندار بوون و لەناو بریندارەکاندا پیاوێک گوللە بەر پێی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ڕێپێوانی هاووڵاتییانی شاری کرماشان، ئەو هێزانە بۆ سەرکوتی خەڵک چەکی ساچمەیی و کڵاشینکۆفیان بەکار هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە